گەندەڵی لە کەرکووک لە ئاستێکی مەترسیداردایە

((خۆر))-

گەندەڵی لە کەرکووک لە ئاستێکی مەترسیداردایە و جیاوازی زۆر کەوتووەتە نێوان پێکهاتەکان و  بارەگاکانی حزبە کوردیەکان دەرگاکانیان بە رووی هاووڵاتیاندا داخستووە، چونکە هیچ دەسەڵاتێکیان لە شارەکەدا نیە و دیفاعیان لە خۆشیان پێناکرێت.

هاوکات دەسەڵاتێكی سەپێندراو لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـوە دەستی بەسەر شارەكەدا گرتووە و گەندەڵی گەیشتووەتە دۆخێكی مەترسیدار و خزمەتگوزارییەكانیش تێكچوون.

حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی لەمبارەوە ڕای گەیاندووە، کە پڕۆسەی تەعریب بەردەوامە، ئەو خەڵكەی كەركووك لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن گەڕانەوە بۆ شارەكە و ئەو گەڕەكانەی بۆیان دروست كراوە و لە كاتی خۆی زەوییان پێدراوە، پارێزگاری سەپێندراو بە نووسراوێك ناوی ناون تەجاوز و هیچ خزمەتگوزارییەكیان بۆ ناكرێت، ساڵانەش بودجەیەكی زۆر دێتە شارەكە بۆ پڕۆژە، بەڵام تەنها بەناو كار دەكەن لە ڕێگاوبانەكان.

وتیشی”بەرپرسانی سەپێندراوی شارەكە ئەو پڕۆژانەی لە كەركوك جێبەجێی دەكەن، لە بەرژەوەندیی نەتەوەكانی خۆیانە لەگەڵ بەهەدەردانی داهاتێكی زۆر، هیچ پڕۆژەیەكیش بۆ ناوچە كوردییەكان جێبەجێ ناكەن، بودجەی تایبەتیش بۆ حەویجە تەرخان دەكرێت و ئەویش بۆ ئەوەیە گوایە پێشتر داعشی تێدا بووە و ئێستاش بەردەوام مەترسیی داعشی لەسەرە، بۆیە پڕۆژەی وەهمیی زۆر لەوێ هەیە”.

ئاشكراشیكرد، بۆ ساڵی 2021 حكوومەتی عێراق 140 ملیار دینار بودجەی بۆ كەركوك داناوە، پارێزگاری سەپێندراو 70 ملیاری تەنها بۆ حەویجە تەرخان كردووە، پڕۆژەش جێبەجێ ناكرێت، كە ئەوەش گەندەڵییەكی زەقە، سەرباری ئەوەش ناوچە كوردییەكان پشتگوێ خراون و ئەو پارەیەی بۆ گەڕەكە عەرەبییەكانیش تەرخان دەكرێت، نابینرێت پڕۆژە بە شەقام و باڵاخانەكانەوە دیار بێت.

Back to top button