گەورەترین پڕۆژەی سامانی ماسی لە پارێزگای دهۆک لە جێبەجێکردن دایە

بەڕێوبەری  سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی سامانی ماسی لە پارێزگای دهۆک لە بواری جێبەجێکردن دایە، بڕیارە لە مانگی 10ی ئەمساڵ بەرهەمی ئەوپڕۆژەیە بکەوێتە بازاڕ.

سیروان سەعید، بەرێوبەری  سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە دهۆک لە بواری جێبەجێکردن دایە، بەرهەمهێنانی ماسی و پەنجە ماسی و ئالیک دەگرێتە خۆی، پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە و لە مانگی 10ی ئەمساڵدا بەرهەمی دەکەوێتە بازاڕ، تا ئێستاش 10%ی پڕۆژەکە تەواو بووە و پێویستە لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو بکرێت .

سیروان سەعید گوتیشی: ئەگەر ئەو پڕۆژەیە تەواو بکرێت دەتوانێت ماسی بۆ هەموو هەرێمی کوردستان و عێراق دابین بکات، پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و بڕیارە بە قۆناغ تەواو بکرێت، بۆیە ئێستا کار لە قۆناغی بەرهەمهێنانی ماسی دەکرێت و لەمانگی 10ی ئەمساڵ بەرهەمی دەکەوێتە بازاڕ.
سیروان سەعید ڕوونیشی کردەوە: هەر پڕۆژەیەک لەلایەن وەبەرهێنەران پێشکەش بکرێت ئێمە پشتگیری و کار ئاسانیان بۆ دەکەین وهانیان دەدەین بێن پڕۆژەی سامانی ماسی ئەنجام بدەن.
سەرمایەی پڕۆژەکەی سامانی ماسی 10ملیۆن دۆلارە و بەتەواو بوونی پڕۆژەکە 500 هەلیکار بۆ خەڵکی پارێزگای دهۆک دەڕەخسێنێت.

Back to top button