ھەرێمی کوردستان و کوردستانی گەورە

هەڵمەت حاجی

لێرە مێژوو ، دووناوی جیاوازی کوردستان، کەھەریەکەیان بە مێژوو جوگرافیای جیاوازەوە تۆمار کردووە ، کە کوردستانی پێش دابەشبوون (کوردستانی گەورە ) و ھەرێمی کوردستانی ئێستان ئاشنامان دەکات ، ھەردووکیان دوو ناون ھەریەکەیان چەندین زام و ئازار وبرین بە درێژایی مێژوو بە جەستەیانەوە ھەیە و سارێژنەبوون ، کوردستان پێش دابەشبوون یاخود کوردستانی گەورە کە پایتەختەکەی ئامەدی باکوری کوردستان بوو ، ژمارەی دانیشتوانیشی نزیکەی ٥ ملیۆن کەسبووە کە گەورەترین بەشیشی کوردستانی باکور بووە و بەشەکانی تریشی (رۆژھەڵات و ڕۆژئاوا و باشور) ـن ، لە کوردستانی گەورەدا باکوری کوردستان کە خرا سەر تورکیا ژمارەی دانیشتوانی بە نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس مەزەندە کراوە ، کوردستانی گەورە کەبە چەندین شێوە دیالێکت قسەدەکەن ، ھەروەھا نەتەوەکانی کورد و ئەرمەن و کلدان و ئاشوری و سریان و تورکمان و عەرەب و فارسی لێ دەژین، و لەرووی ئاینییشەوە دانیشتوانەکانی ئاینیی ئیسلام و مەسیحی و کاکەیی و ئێزیدی و زەردەشتی پەیرەو دەکەن و زۆرینەشی موسلمانن لە نێویاندا زۆرینە سوننە مەزھەبن.

لە دوای ئەوەی سایکسی بەریتانی و پیکۆی فەرەنسی پلانی دابەشکردنی ناوچەکانی دەولەتی عوسمانیان دا ، لە سالی ١٩١٦ پلانی دابەشکاریەکەیان واژوو کرد ، دوای ئەوەی پەیمانی سیڤەر لە سالی ١٩٢٠ مۆرکرا کە چەند بەشێکی تایبەت بە کورد و کوردستانی تێدابوو ، “ھەرێمی باشوری کوردستان” کە ویلایەتی ئەوکاتی موسلیشی لەخۆدەگرت و دوای ئەوە وینستن چەرچلی بەریتانی داوایەکی کرد ، کە ئەویش دامەزراندنی دەولەتی عێراق بوو ، ئەوەبوو مەلیک فەیسەلیان لە حیجاز ھێنایەو کردیانە مەلیکی عێراق، بەبێ ئەوەی مافی ئەوانەی ھەموو لە عێراق ئەژین لەبەرچاوبگرن!!، کە لە ئەنجامدا ئێمە وەک کورد بەس سزادانی خەلکی کوردی ھەتا ئێستا بەدوادا ھات، لەو ساتیەوەی داوایەکەی چەرچڵەوە تا ئیستا عێراق ئارامی بەخۆیەوە نەبینییووە.

دوای ئەوەی ناوی ئیمپراتۆری عوسمانی گۆردرا بۆ تورکیا ، لە ساڵی ١٩٢٣ پەیمانی لۆزان واژووکرا لەوێدا پەیمانی سیڤەریان ھەلوەشاندەوە کە بەشی تایبەت بە کورد و کوردستانی تێدابوو ، تێیدا خەونی کوردستانیان بۆ گەیشتن بە مافی خۆی لە لۆزاندا پاشخست ، ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان بە زۆر لێکێنراوە بە عێراق و پارچەکانی تریشمان کە پێکھاتەی کوردستانی گەورەبوون بەر لە پێنج سەدە پێش ئێستا دابەشبوو ، دوای ئەوەش لە جەنگی جیھانی یەکەم دابەشکرا بەسەر چوار وڵاتی ناوچەکە ، ھەمیشە گەلی کورد ، پارچەکانی دیکەی بەغەدرلێکراو بە خاک داگیرکراو زانیووە و بینیووە، تەنانەت کە بە رێکەوتنی وڵاتانی زلھێزیش ئەنجامدرابێت ، بەڵام ژان و برینەکەی لە جەستەی ھەر کوردێکە لە دونیا و مێژووە ، ھەمیشە نیگەرانییەکی نەبراوە ھەبووە لای خەلکی کورد لەسەرانسەری جیھان ، کوردستان سەرەرای ئەو غەدرە مێژوویەی لێی کراوە ، کوردستانی گەورە نکۆڵی لێ ناکرێ دوای شەری چالدیرانی ئیمپراتۆری سەفەوی و عوسمانی دابەشکرا، ناوی کوردستانی گەورە راستە دوای دابەشبوونیش ون نەبووە، تەنانەت لە شعر و سۆز و عاتیفە بۆ کوردستان و ئەدەبیات ھەمیشە لە گوفتاری کورد و کوردستانیان رەنگیداوەتەوە ، بەڵام لە ئەرزی واقعدا ئەو رێکەوتن و پیلانانە رێی خۆیان گرتووە کە دژی دۆزی گەلی کوردبوونە و کوردستانی گەورەیان دابەشکرد .

کوردستان راستە ھەرێمێکی دەستورییەو پارچەکانی بە رێکەوتنی مێژوویی لێ دابرێنراون، بەڵام ھەرێمی کوردستانی دەستوری ھەمیشە پشتیوانی کوردەکانی بەشەکانی تر بووە ، ھەرگیز پشتی تێنەکردوون ، کوردستانی گەورە بەش بەش کرا ، نەخشە جوانەکەی باشوری کوردستان کە بە زوڵمێکی مێژوویی دابەشکرا بەسەر چوار وڵات ، لە ئەنجامی ئەو دابەشبوونەدا چەند ناوچەیەک خرانە سەر سوریا و ئێران و تورکیا ، ئەو بەشەی کە مایەوە خرایە سەر عێراق، کە ئەویش دوای چەندین شۆرش و تەسلیم نەبوون و بەرخودان و فیداکاری بەرامبەر زوڵم وەستانەوە دژی ژێردەستەیی خەباتیان کرد ، گەلی کوردستان ئەمرۆ خاوەنی قەوارەیەکی دەستورییە ، بەناوی ھەرێمی کوردستان و کە پێک دێت لە پێنج پارێزگا ، بەڵام دوای ئەو دابەشکارییە و سەرەرای بەرگری بۆ مانەوەی ھەرێمی کوردستان ، ئەوەی کە یاساییەو مامەڵەی لە چوارچێوەی ھەرێم و حکومەتەکەی لەگەڵدا دەکرێت لە ئاستی نێودەولەتی ، وەک ناوی کوردستان تەنھا ھەرێمی کوردستانە بە پێنج پارێزگاوە .

کوردستان کە فەرھەنگی یەکتر قەبولکردن و پێکەوەژیانی کە ھەمیشە تیدابووە و دەبێت ، ئەگەرچی بە رێکەوتنێکی مێژوویی جیھانی، پارچەکانی تر خراونەتە سەر وڵاتانی تر کە کردوویانە بەیاسایی بەڵام ئەو پارچانە ھەر لەناو دڵی ئێمەدان .

بۆ ئێمە نیشتمان ئازادبێت یان داگیرکراو ، لەژێر دەستمان بێت یان داگیرکراو ، سنوری خاکی کوردستان و ھەرێمی کوردستان دیارە، لە لەلامان دایکە و شەرەفە و کەرامەتە و لە دڵماندایە، ھەر دەشمێنێ ، سازش لەسەر مافەکانی ھەرێمی کورستان و گەلەکەی نەکراوەو ناکەین، کە ئێستا نمونەیەکی جوانی ناوچەکەیە .

تورکیا لەگەل ھەرێمی کوردستان کە پەکەکە بیانووی پێداوە ئەوکاتانە کێشەی ھەبووە ، ئەگینا کێشەی نەبووە ، تورکیا کێشەی لەگەل ئەو نەخشەیە ھەیە کە ئامەد و وان و دێرسیم و شرناخ و مێردێن .. ئێرانیش کە ورمێ و سنەو کرماشان ھتد لە خۆی گرتووە کە ئێستالەژێر چنگیانن، کە بە مێژوو ئەو غەدرە لە کورد کرا و دران بە تورکیا و ئێران ، بۆیە ئەوانەی بە ئێمە دەلێن “نەخشەکەیان لەژێر پێماندایە” ، زۆر باش دەزانن کە بەسەپێنراوی ئەو ناوچانەیان کەوتە دەست، کە دەتوانم بلێم وەک خیانەتێکی مێژوویی بە رێککەوتن لەسەر کورد فەرزکرد و بەسەر خۆیان دابەشیانکرد، بەڵام گەلی کوردستان بۆ سەرخستنی ھەرێمی کوردستان ھەزاران قوربانیداوە، دوای ئەو دابەشکارییەو تا ئێستاش سازش لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان ناکرێت و نەکراوە و بە پشتیوانیش ھەمیشە لەگەل کوردەکانی بەشەکانی تر بووە ، ئەمرۆ کە خاکەکەی کوردستانی گەورە ئەوان لەسەری دەژین ، رۆژانە پێی دەخەنە سەر خاکەکەی ، کە ئەوان ئەو ژیانکردنەیان لەوێ بە خستنە ژێرپێ ناودەبەن و بە سوکایەتی ناوی دەھێنن .

دوژمنانی کوردستان کە ھەمیشە چاویان بریووەتە کوردستان، ھەمیشەش سودیان لە ناحەزانی کوردستان وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە رێگەی درزێکەوە بیانوو دەرفەتیان پێ بدەن و داگیرکاری خۆیان زیاتر فەرز بکەن بەسەر کوردستاندا ، نابێ ئەو درزە ھەبێ و بەھیچ ئەفکارێکیش نابێت خزمەتی ئەو نەیارنە بکرێت کە نەیاری سەرسەختی کوردستانن و ھەمیشە بیانوو دەدەنە وڵاتانی ئیقلیمی تا کێشە بۆ خاک و خەلکی ھەرێمی کوردستان دروست بکەن.

#HalmatHaji

Back to top button