ھەندێ بەرپرسی تری یەکێتی لە پۆستەکانیان دور خرانەوە

پاش لادانی بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر، بافڵ تاڵەبانی ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی سەر بە لاهوور تلیاکچی لە پۆستەکانیان لادا

بەپێی زانیاریی پشتڕاستکراوە، هەفتەی رابردوو، ستافێکی فڕۆکەخانەی سلێمانی کە چەندین پلەبەرزیان تێدایە و کەسانی دەستڕویشتوویان لەپشت بوون لە مێو تاقمەکەی لاهوور تلیاکچی، بڕیاری گۆڕینیان دەرکراوە، بەڵام ئەمڕۆ شەممە بڕیارەکە جێبەجێ کراوە و لە جێگەی ئەواندا تیمێکیتر دەست بەکاربوون.

هۆکاری گۆڕانکارییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو ستافەی سەر بە لاهوور دەستیان هەبووە لە قاچاغچێتیی زێڕ و دۆلار و چەک لەناو فڕۆکەخانەی سلێمانی. 

لەلایەکی دیکەوە لە هەردوو خاڵی سنووریی باشماخ و پەروێزخانیش، چەندین کاربەدەست و فەرمانبەر و ئەفسەر  لادراون بەهۆی قاچاغچێتی بەتایبەتیع قاچاغچێتیی ئۆتۆمبێلی مۆدێل نزم، زێڕ، مۆبایل و خواردنی ئێکسپایەر و لە جێگەیاندا کەسانی تر لەوانەی جێمتمانەی بافڵ تاڵەبانین، دانراون. 

لەمبارەیەوە، ناوەندی وەستانەوەی یەکێتی کە باڵێکی نێو یەکێتییە و لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەیاننامە و زانیاریی فەرمی بڵاو دەکاتەوە، لە نوێترین پۆستیدا ئاشکرای کردووە، هەموو ئەو بەرپرسە قاچاغچییانەی گۆڕدراون، کەسانی خاوەن هێز و دەستڕۆیشتووی سەر بە تاقمەکەی لاهووریان لەپشتەوە بووە.

Back to top button