یادی ئاوازدانەرەکەی سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) کرایەوە

بە ئامادەبوونی بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یادی ئاوازدانەرەکەی سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) کرایەوە و، جەخت لەوەکرایەوە، کە پێگەی لە قۆناغەکانی میوزیکی کوردیدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

بە ئامادەبوونی دکتۆر سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەزگای کەلتووریی یاد، لە ڕێوڕەسمێکی ھەژیدا، یادی ئاوازدانەرەکەی سروودی (ئەی ڕەقیب)ـی لە ھەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەپکە گوڵی ڕێز و وەفاداری پێشکەش بە بنەماڵەی (شێخ حوسێن بەرزنجی) ئاوازدانەرەکەی ئەی ڕەقیب کرد.

ھەر لەو ڕێوڕەسمەدا، وتاری دەزگای کەلتووریی یاد و پارێزگاری ھەولێر و، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێشکەش کرا و، ئاماژەیان بە گرینگی کردنەوەی یادی (شێخ حوسێن بەرزنجی) ئاوازدانەرەکەی (ئەی ڕەقیب) کرد، کە بەشێکە لە ھێمای نەتەوەیی کورد، ھاوکات نموونەی خۆڕاگری و نیشتیمانپەروەری بوو تا دوا ساتەکانی ژیانی و شەھیدبوونیشی.

لە بەشێکی دیکەدا، دیبەتێک بەڕێوەچوو و، تیشکخرایە سەر ڕۆڵی (شێخ حوسێن بەرزنجی) لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و، پێگەی ئاوازدانەرەکەی ئەی ڕەقیب لە قۆناغەکانی میوزیکی کوردی، کە ھەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی وەفاداری پێشکەش بە خانەوادەی (شێخ حوسێن بەرزنجی) کرا.

Back to top button