یەكەم شەپۆلی باران و تەرزە هەرێم دەگرێتەوە

بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، لە سبەینێوە یەكەم شەپۆلی باران و تەرزە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هەوایەكی ساردی لەگەڵدایە و بەهۆیەوە پلەكانی گەرما دادەبەزن.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی  ڕایگەیاند، سبەی دوو شەممە 9 تشرینی یەکەمی 2023 ئاسمانی ھەرێم بەزۆری ئەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و پلەکانی گەرما بەجێگیری ئەمێنێتەوە و بای باشوری ڕۆژئاوا کاتەکانی پاش نیوەڕۆ بەخێرایی 15-35 کم چالاک ئەبێت و دوو سبەی سێ شەممە ھەرێمی کوردستان ئەکەوێتە ژێر کاریگەری حاڵەتێکی ناسەقامگیری بەرگەھەوا.

ڕاشیگەیاند، لە ئەنجامی کاریگەری لاوازی بارستە ھەوایەکی سارد لە باکوری تورکیا و درێژبوونەوەی بارستەیەک ھەوای شێدار لە باشوری ڕۆژئاوای عێراقەوە و کۆبوونەوەی لە سەر ناوچەکانمان ئەبێتە ھۆی چالاکبوونی ھەورە بروسکە و تاوە بارانی پچڕ پچڕ لە ناوچەی جیاجیادا بەگشتی کاریگەریەکانی زیاتر ئەبێت لە سنوری پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەرین و ئەگەری تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕیش لەھەندێ شوێنی ئەم ناوچانەدا ئەبێت.

ڕوونیشی كردەوە، بەشێوەیەکی لاواز بۆ مامناوەندیش لەسەر ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجە کاریگەری ئەبێت بەشێوەی تاوە بارانی پچڕ پچڕ و چالاکبوونی ھەورە بروسکە لەھەندێ کاتدا.

وتیشی، “پلەکانی گەرما ھەر لە ڕۆژی سێ شەممەدا نزمبوونەوە بەرێژەی 3 تا 5 پلە بەخۆیەوە ئەبینێت و كاریگەری ئەم ناسەقامگیریە تا بەرەبەیانی ڕۆژی چوار شەممە 11ی 10ی 2023 بەردەوامی ئەبێت”.

Back to top button