یەکێک لە باشترین ھەنگوێنەکان ھەرزان دەبێت

هەنگوینی كریڤۆك، یان شەپەتووك، یان شەمەتڕێنە، جۆرە هەنگوینێكی تایبەتە، تاموچێژی جیاوازی هەیە، بەهۆی ئەوەی هەنگەكە كێوییە و شێوە و قەبارەی لە هەنگی ئاسایی جیاوازە، كە ساڵانە نرخی زۆر بەزر بوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆریی بەرهەمەكەوە، نرخی دابەزیوە.

محەمەد سەعید مزووری، بازرگانی هەنگوینە، بۆ (باسنیوز) ئاماژە بەوە دەدات، ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوینی كریڤۆك لە چاو ساڵانی رابردوو زۆر بووە، بۆیە نرخەكەی بۆ 140 هەزار دینار دابەزیوە.

بەرهەمی ئەم جۆرە هەنگە، لە باشووری كوردستان، زیاتر لە هەورامان و بناری قەندیل زۆرە، لە رۆژهەڵاتیش لە شاری سەردەشتدا هەیە: ”ئەو هەنگوینە مێشەكەی كێوییە و هەرگیز ماڵی ناكرێت، رەنگ و قەبارەی جیاوازە، بۆیە تامەكەیشی زۆر لە هەنگوینی ئاسایی جیاوازە و وەك نەستەلە وایە، شەمەكەیشی هاوشێوەی كاخەزە و لە دەمدا دەتوێتەوە، بە هەنگوینی كریڤۆك، یان شەپەتووك یانیش شەمەتڕێنە ناسراوە.“

ئەو بازرگانەی هەنگوین ئەوە دەخاتەڕوو، كە پار ئەو هەنگوینە بە هەموو كوردستان تەنیا سێ بۆ چوار كیلۆی هەبوو، بەڵام دەڵێت: ”ئەمساڵ نزیكەی 60 بۆ 70 كیلۆم كڕیوە، پار كیلۆی بە 200 هەزار دینالر بەسەرەوە بوو، ئەمساڵ بە 140 هەزار دینارە.“

Back to top button