یەکەم مەلەفی جۆبایدن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (کورد) دەبێت؟

بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی کورد رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز ئارام نابێت

((خۆر))- هۆشیار عەلی

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە (جۆبایدن) ئەگەر بیەوێ دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارام بێت، ئەوە لە پاڵ کۆتاییهێنان بە هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئەوە دەبێت کێشەی (کورد) چارەسەر بکات، کێشەی کوردیش بەبێ دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ چارەسەر نابێت.

پرسی کورد، پرسێکی هەستیاری ناوچەکەیە و چەندین ساڵە ئەم مەلەفە لە تەواوی دنیادا هەر هەیە و لەم ساڵەنەی دواییشدا گەرموگوڕتر بووە، ”بایدن” لەسەر پرسی کورد ئاگادرییەکی باشی هەیە و یەکێکە لە دۆستە نزیکەکانی سەرۆک بارزانی، کە چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستان کردووە، پێشتریش ئەمریکا هاوکاری زۆری بۆ کورد و پێشمەرگە هەبوو و بەردەوامیشە لە پڕچەککردنی هێزەکانی کورد ”(پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان).

(بایدن)، بە دوو بابەتی گەورە بۆ کورد ناوبانگی لە سەرۆکەکانی پێشخۆی زیاتر هەیە، کە یەکیان ئەوەیە خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی عێراقە بۆ سەر سێ هەرێمی (کورد، سونە، شیعە)، دووەمیان، کاتێک بە سەرۆک بارزانی ووتووە “من و تۆ هەردووکمان لە تەمەنی خۆماندا سەربەخۆیی کوردستان بەچاوی خۆمان دەبینین”.

Back to top button