بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات گرنگیی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ دایە و تەنها لەم کابینەیە مۆڵەت بە 11 پرۆژەی کشتوکاڵی دراوە و چەندین کارگەش بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکان دروست کراون، ئەمەش جگە لەوەی کەرتی کشتوکاڵی بووژاوەتەوە و هەلێکی زۆری کاریشی ڕەخساندووە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، چونکە حکوومەت کردوویەتییە مەرج کە پێویستە زۆرینەی کرێکاری پرۆژەکان خۆماڵی بن.

دکتۆر هەڤال سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی مۆڵەت لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ”بەهۆی ئەوەی داهاتی هەرێمی کوردستان زیاتر لەسەر نەوت بووە، بۆیە لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە کە سەرچاوەی داهات زیاد بکرێت و تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەسترێت، بۆیە لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە ئەو هەنگاوە دەنرێت و دەستی کار زیاد دەکرێت و گرنگیی زیاتر بە بەرهەمی ناوخۆ دەدرێت، هەربۆیە بۆ زیادکردنی سەرچاوەی داهات گرنگیی زۆر بە دوو کەرتی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان دراوە، ئەوانیش پیشەسازی و کشتوکاڵن.”

دکتۆر هەڤاڵ سدیق گوتیشی: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە و بووژانەوەی باشی بە خۆیەوە بینیوە و بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیش کارگە دروست دەکرێن، کە چەندین کارگە دروست کراون، کە بەرهەمەکان پێگەیشتن لەو کارگانە ساخ ببنەوە، بۆیە لەگەڵ گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ گرنگی بە دروستکردنی کارگەش دەدرێت، چونکە هەردووکی تەواوکەری یەکترن کە بەرهەم هەبوو، پێویستی بەوە هەیە ساخ بکرێتەوە.”

سدیق ڕوونیشی کردەوە: ”لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 پرۆژەی کشتوکاڵ مۆڵەتیان پێ دراوە کە سەرمایەکەی دەگاتە ملیارێک و150 ملیۆن دۆلار و تەنها لەم کابینەیە 11 پرۆژە مۆڵەتیان پێ دراوە، بۆیە بەردەوام پرۆژەی کشتوکاڵی لە زیادبووندان، چونکە لە 2006 تاوەکوو 2019 مۆڵەت بە 28 پرۆژە درابوو، بەڵام لەم کابینەیە مۆڵەت بە 11 پرۆژە دراوە کە ڕێژەکە زۆر زیادی کردووە.”

گوتیشی: ”سەرەڕای بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و زیادبوونی کارگە لە هەرێمی کوردستان وای کردووە کە هەلی کاریش زۆر زیاتر بێت لە هەرێمی کوردستان، چونکە لە هەر پرۆژە و کارگەیەک ژمارەیەکی زۆری هەلی کار دەڕەخسێت، چونکە حکوومەت کردوویەتییە مەرج پێویستە زۆرینەی کرێکاری پرۆژەکان خۆماڵی بن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە و هەلی کار زیاد دەکات، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی داهات زیاد بێت و تەنها پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین.”

Back to top button