حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زیاتر بە سامانی ئاژەڵ دەدات

بەڕێوبەری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان گوتی: لەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بە سامانی ئاژەڵ دراوە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان 100پڕۆژەی سامانی ئاژەڵ هەیە، بەردەوامیش کار دەکرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی تازە.

فیراس سدیق ، بەڕێوبەری سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەو هۆیەی ئاژەڵی خۆمان پێگەیشتووە نرخەکەی بەراورد بە جەژنی ڕەمەزان هەرزانتر بووە، چونکە ئەو کات نرخەکان بە چەند هۆکارێک زۆر بەرز ببوونەوە ، وەکو گرانی ئالیک ، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و چەند هۆکارێکی دیکە، بەری ئەمسای ئاژەڵی خۆیشمان هێشتا ساوا بوو،  بەڵام ئێستا هەراش بووە و پێگەیشتوونە، بۆیە نرخی گۆشت هەرزانتر بووە.

فیراس سدیق گوتیشی: تا ئێستا نەمانتوانیووە خواستی بەرهەمی ناوخۆ پربکەینەوە و بەرهەممان کەمە، دەتوانین بە بەرهەمی ناوخۆ 55%ی پێویستی ناوخۆ پربکەینەوە و 45%یش لەڕێگای هاوردەکردنەوە پڕدەکرێتەوە، بۆیە هەوڵدەدەین بەرهەمی ناوخۆ بگەینینە 100%و پێویستمان بە بەرهەمی دەرەوە نەبێت ، ئەمەش لە ڕێگای ئەنجامدانی پڕۆژەی تازەوە کە پێداچوونەوە بەرێنمایەکاندا کراوە، ئاسانکاری دەکرێت بۆ هەر کەسێک بیەوێت پڕۆژەی تازە ئەنجام بدات، چونکە ئێمە دوو سەرچاوەمان هەیە بۆ دابینکردنی گۆشت، ئەو ئاژەڵانەی خەڵک بۆ خۆی بەخێوی دەکات، لەگەڵ ئەوانەی ئاژەڵ دادەبەستن و وەکو پڕۆژە بۆ قەلەوکردن بەخێویان دەکەن.

سدیق ڕوونیشی کردەوە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخی زۆر بە پڕۆژەی ئاژەڵداری دەدات، کە پێشتر 65پڕۆژەمان هەبوو، ئێستا 100پڕۆژەی ئاژەڵداریمان هەیە،  ئەمە ئەوە دەگەینێت پڕۆژەکان زیادیان کردووە، گرنگترین پڕۆژەش بەنێوی زۆمە لە ناوچەی مێرگەسۆر  کراوەتەوە کە 11بنکەی لەگوند و دێهاتەکان کردۆتەوە بۆ کۆکردنەوەی شیر لەئاژەڵداران، ئەمەش بۆ ئاژەڵداران گرنگە، چونکە چیتر کێشەی ساغبوونەوەی بەرهەمەکانیان نابێت، شیر لە ئاژەڵدارەکان لێ وەردەگرن و بەرهەمەکانی شیرەمەنی لێ بەرهەم دەهێنن.

پێشتر ئاژەڵداران بەرهەمەکانیان دەبردە بازاڕ  کە زۆر جار ساغ نەدەبووەوە، ئێستا ئەو گرفتە چارەسەر بووە، خەڵکیش بێباکتر ئاژەڵداری دەکات چونکە لە ساغبوونەوەی بەرهەمەکانیان دڵنیان

Back to top button