18ی ئەم مانگە یاری خولی یانە پاڵەوانەتییەکانی ئاسیا لە هەولێر بەڕێوە دەچێت

بەرپرسی  ڕاگەیاندنی  یانەی وەرزشی هەولێر گوتی: ئامادەکاری تەواو کراوە و ڕۆژی 18ی ئەم مانگە یەکەم یاری خولی یانە پاڵەوانەتییەکانی ئاسیا لە هەولێر لە نێوان قوەجەوییەی عێراقی و یانەیەکی ئێرانی بەڕێوە دەچێت، دواتریش ئەو یانەیەی کەریم بەنزیمە یاری بۆدەکات دێت لە هەولێر یاری دەبێت.

ئیبراهیم قادر بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی وەرزشی هەولێر ڕایگەیاند: یەکێتی تۆپیپێی ئاسیا بڕیاری داوە یاریەکانی یانەی قوەجەویە لە خولی  یانە پاڵەوانەتییەکانی ئاسیا لە هەولێر بەڕێوەبچن، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی  یەکێتی تۆپیپێی ئاسیا سەردانی هەولێریان کرد، هەموو ئامادەکاریەک دەکرێت و ئەوەی پێویست بێت لای خۆیان نوسیویانە و هەرچی پێویست بێت دەکرێت، ئێمە ئامادەکاری و هاوکاری تەواومان دەربڕیووە بۆ ئەوەی یارییەکان لە هەولێر لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری بەڕێوە بچن.

ئیبراهیم قادر گوتیشی: یەکەم یاری قوەجەوییە لەگەڵ یانەی سەبەهانی ئێران لە 18ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، ئێستا یانەی قوەجەوییە لە هەولێر مەشق و ڕاهێنان دەکەن بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یاری 18ی مانگ و بڕیارە دوای ئەوە دوو یاری دیکە لە دەرەوەی یاریگای هەولێر بەڕێوە بچێت و دواتر یاری دیکە لە هەولێر ئەنجام دەدرێت کە یانەی ئیتیحادی کە کەریم بەنزیمەی یاری بۆ دەکات لە هەولێر بەرامبەر بە قوە جەوییە یاری دەکەن.

قادرباسی لەوەشکرد: ئەمە یەکەم جارە ئەو خولە یارییەکانی لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە لە وڵاتان پارە دەدرێت تاوەکو ئەو جۆرە یاریانە لە وڵاتەکانیان بکرێت، بۆیە ئێمەش پێشوازییان لێ دەکەین.

گوتیشی: کرستیانۆ ڕۆنالدۆ نایەتە هەولێر لەبەر ئەوەی یانەی نەسری سعودی بەرامبەر یانەیەکی ئێرانی لە گروپێکی دیکە لە ئێران یاری دەکەن.

Back to top button