31ى ئاب، مێژوویه‌ك پڕ له‌ سه‌روه‌رى و راگرتنى مه‌ددى ئیقلیمى

31ئاب بو جێگای شانازيه

31ى ئاب، مێژوویه‌ك پڕ له‌ سه‌روه‌رى و راگرتنى مه‌ددى ئیقلیمى.

نوژدار ھەرکی
هه‌رده‌م له‌ 31ى ئابى هه‌موو ساڵێكدا نه‌‌یارانى پارتى ماكینه‌ى راگه‌یاندنه‌كانیان بۆ تۆمه‌تبار كردنى پارتى ده‌خنه‌ كار بۆ شێواندنى مه‌غزاى راسته‌قینه‌ى ئازادكردنى شا‌رى هه‌ولێر و شێواندنى راستییه‌كان به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌ك بۆ گورزلێدان له‌ سه‌نگى پارتى. لێره‌دا ‌ دەمەوێت نووسینه‌كه‌م به‌ هێرشكردنه‌ له‌سه‌ر
هه‌ڤاڵانى یه‌كێتى له‌ قه‌ڵه‌م نەدرێت، به‌ڵكو ده‌مەوێت له‌ وێستگه‌یه‌كى مێژووى گه‌له‌كه‌ماندا راوه‌ستم راستییه‌كان باس بكەم
له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵانى نه‌وه‌ته‌كاندا مه‌ددێكى ئێرانى چڕ له‌ ناوچه‌ى ئه‌وكاتى سه‌وزدا هه‌بوو به‌ جموجۆڵى فراوانى ده‌زگا سیخوڕییه‌كانى ئێران له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى و تیرۆر كردنى چه‌ندین كادرى پێشكه‌وتووى حزبى دیموكراتى ئێران له‌ سلێمانى به‌ ده‌ستى ده‌زگاى ئیتڵاعاتى ئێرانى و رێگه‌دان و كار ئاسانى یه‌كێتى نیشتیمانى بۆ ئه‌و كارانه‌، هه‌روه‌ها بوونى جموجۆڵى سه‌ربازى فیلق بدر سه‌ر به‌ ئه‌نجومه‌نى باڵى ئیسلامى له‌ نزیك شارى دربندیخان به‌ هاوكارى یه‌كێتى و له‌سه‌ر رێنمایى ئێران، به‌مه‌ش ئێران توانى ناكۆكییه‌كانى نێوان پارتى و یه‌كێتى خه‌ستر بكات به‌ هاوكارى كردنى ماددى و مه‌عنه‌وى یه‌كێتى و پێدانى چه‌كى قورس بۆ گه‌رمتر كردنى خاكى كوردستان و پاراستنى سه‌نگى جه‌ماوه‌رى خۆى بكات به‌ رێگیرى كردن له‌ مه‌ددى ده‌سه‌ڵاتى ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى ئێران له‌ ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان. له‌ دواقۆناغى فراوانى ده‌سه‌ڵاتى ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ى كه‌ یه‌كێتى رێگه‌ به‌هێزه‌كانى سوپاى پاسدارانى ئێران بدات سنوره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ببه‌زێنێت و له‌شكركێشى بۆ قه‌زاى كۆیه‌ بكه‌ن به‌مه‌به‌ستى له‌ ناوبردنى باره‌گا و كادرانى حزبى دیموكراتى ئێران، پاش سه‌ركه‌وتنى ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌رنامه‌ى تۆكمه‌ دابڕێژرێت بۆ ده‌ركردنى هێزه‌كانى پارتى له ‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان. له‌م سونگه‌یه‌وه‌ پارتى دركى به‌ خه‌ته‌رناكى دۆخه‌كه‌ كرد، به‌وه‌ى چاره‌نووسى میلله‌تى كورد به‌ره‌و هه‌ڵدێر و ئاقارێكى نادیار ده‌ڕوات. ناچار حكومه‌تى ئه‌وكاتى عێراق به‌شدارى كرد له‌ رێگیرى كردن له‌ پێشڕه‌وى هێزه‌كانى ئێران. لێره‌دا به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌ڵێین پارتى به‌ ئازاد كردنى شارى هه‌ولێر توانى سه‌رجه‌م هاوكێشه‌كان به ‌ئه‌رێنى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى دۆزى میلله‌تى گورد كۆتایى پێبهێنێت به‌ دانانى سنورێك بۆ مه‌ددى ئێران و رێگیرى كردن له‌ ده‌ستێوه‌ردانى ئیقلیمى و رێگه‌نه‌دان به‌ داگیر كردنى ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان

Back to top button