ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی : جۆری تەماتەی هەرێمی کوردستان باشترینە بۆ بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە

گۆڤەند سەرکەش – خۆر
ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە هەواڵێکیدا بڵاوی کردوەتەوە کە “جۆری تەماتەی هەرێمی کوردستان باشترینە بۆ بەرهەم هێنانی دۆشاو” ئەوە لە کاتێکدایە کە وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پشکی یەکێتییە رای گەیاندبوو جۆری تەماتەی هەرێمی کوردستان بە کەڵکی دۆشاوی تەماتە نایەت.
لە ڕاپۆرتێکدا ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە زاری مامۆستایەکی زانکۆ بڵاوی کردوەتەوە کە تەماتەی هەرێمی کوردستان باشترین جۆری تەماتەیە بۆ بەرهەمهێنانی (دۆشاوی تەماتە)، هەروەها تێیدا هاتووە هەموو کەسێک دەتوانێ بە شێوەیەکی زۆر ئاسان لەماڵی خۆیدا دروستی بکات وەکو پاڵپشتیەک بۆ جوتیارانی کوردستان.
بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتی لە لەکاتێکدایە کە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕای گەیاندوە کە جۆری تەماتەی هەرێمی کوردستان ناشێت بۆ بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە.
شارەزایانی بواری کشتوکاڵی پێیان وایە ئەو لێدوانەی وەزیری کشتوکاڵ دەگەڕێتەوە بۆ تەنیا یەک جۆر تەماتە نەک هەموو جۆرەکانی.

Back to top button