پەرلەمانتارێکی پارتی وەڵامی خاڵێکی بەیانەکەی یەکێتی و گۆڕان دەداتەوە

پەرلەمانتارێکی پارتی وەڵامی خاڵێکی بەیانەکەی یەکێتی و گۆڕان دەداتەوە

((خۆر))-

پەرلەمانتارێکی‌ فراكسیۆنی پارتی‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان داواکەی‌ یەکێتیی نیشتمانی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی پێ سەیر بووە بۆ ناردنی‌ شاندێکی‌ بڕیار بەدەست بۆ بەغدا و ده‌ڵێت: ئەو شاندانەی‌ چونەتە بەغدا بڕیار بەدەست بوون و یەک ئەندامیان پارتی‌ بووە.  

بەهمەن کاکە عەبدوڵا لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا،‌ رایگەیاند، “زۆر پێم سەیر بوو ئەو بەیاننامەیەم بینی‌، ئەوەی‌ تێنەگەیشتم لە بەیاننامەیەکەی‌ یەکێتی‌ و گۆڕان کە لە حکومەتدان ئەوەیە ئایا ئەو وەفدەی‌ 13 جار چووەتە بەغدا بڕیار بەدەست بووە یاخود نا”.

وتیشی‌ “لەو وەفدی‌ دانوستانکارە لەکۆی‌ شەش کەس یەک کەسیان پارتی‌ بووە کە سەرۆکی‌ دیوان بووە، هەموویان لە یەکێتی‌ و گۆڕان بووە، ئەوان خاوەنی‌ بڕیار و سەڵاحیات بوون”.

ئەو پەرلەمانتارە باسی‌ لەوەشکرد، پرسیاری‌ لەهەریەکە لە خالید شوانی‌ و ئاوات شێخ جەناب کردووە لەبارەی‌ ئەوەی‌ بۆچی‌ دانوستانەکان نەگەیشتوون بەئەنجام، هەردووکیان وتویانە بڕیارێکی‌ سیاسی مەزهەبی ناو ماڵی‌ شیعە هەیە کە بودجە بۆ هەرێم نەنێرن، قوباد تاڵەبانیش وتویەتی‌ عادل عەبدلمەهدی‌ هەمان شتی‌ پێ وتووە.

دەشڵێت، دەبوو یەکێتی‌ و گۆڕان باسی‌ یەکڕیزیان بکردایە لەگەڵ کارکردن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی‌ دەروازە سنورییەکانی‌ ژێر دەسەڵاتی‌ خۆیان و نەهێشتی‌ قاچاخچێتی‌ تا داهاتەکەی‌ بگەڕێتەوە و بدرێتە موچەخۆران.

لەبارەی‌ رادەستنەکردنی‌ نەوتەوە، بەهمەن کاکە عەبدوڵا وتی‌ “هەرێمی‌ کوردستان لیترێک نەوتی‌ نەداوەتە بەغدا، لەبەرئەوەی‌ رێگەیەک نەبووە بۆ ئەوەی‌ نەوتەکە رادەستی‌ سۆمۆ بکات”، رونیشیکردەوە “رێککەوتنەکانی‌ هەرێم لەگەڵ بەغدا بەرانبەر 250 هەزار بەرمیل نەوت کراوە، سۆمۆ هیچ بۆرییەکی‌ نییە تۆ نەوتی‌ هەرێمی‌ پێوە ببەستیتەوە و نەوتی‌ رادەست بکەیت، بۆیە ئەوە پێویستی‌ بە رێکاری‌ دیکە هەبووە”.

ئاشكراشیكرد كه‌ “حساباتی‌ ئەوە لەنێوان هەرێم و بەغدا کراوە کە ئایا ئەوە بە تانکەر بێت یان نا، بەڵام دەرکەوتووە کە تێچووی‌ زیاتری‌ دەبێت، بۆیە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی‌ کە بەغدا بەرانبەر ئەو نەوتە پارە لە هەرێم ببڕێت”.

لەبارەی‌ نەچوونی‌ شاندی‌ هەرێم بۆ بەغدا، پەرلەمانتارەکەی‌ پارتی‌ باسی‌ لەوەکرد، رێککەوتنی‌ نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجەی‌ 2020 کۆتایی هاتووە و بۆ ئەم چوار مانگە 320 ملیار دینار دێت و دەبێت دانوستان لەسەر بودجەی‌ ساڵی‌ داهاتوو بکرێت.

جەختیشدەکاتەوە، پێویستە حکومەت لەگەڵ پەرلەمان کۆبێتەوە و بڕیارێک لەسەر موچە بدات و داهاتەکانی‌ خۆی‌ کۆبکاتەوە و خۆی‌ بژێنێت تا دۆخەکە دەگۆڕێت و ئەوکات دەکرێت بە زمانێکی‌ تر لەگەڵ بەغدا قسەبکرێت.

Back to top button